"زۆربەی ئامادەبووان خێزانن"
ئەمڕۆ ئاهەنگەکەی هەواری شار دووبارە دەکرێتەوە “بەپلانێکی ئەمنی تۆکمەوە”
دیلان محەمەد – سلێمانی
ئەو ئاهەنگەی هەفتەی رابردوو بەهۆی دروستبوونی پشێوییەوە تێکدرا، ئەمڕۆ لەهەمان شوێنی سلێمانی بە “پلانێکی تۆکمەی ئەمنییەوە” دووبارە دەکرێتەوە.
بڕیار فەتاح سەرپەرشتیاری هونەری ئاهەنگەکە بە 964 ی وت، رێوشێنێکی تووندی ئەمنی بۆ دووبارەکردنەوەی ئاهەنگەکەی ئەمڕۆ گیراوەتەبەر و هەر کەسێک بەشدار بێت پێویستە لەدەرەوە بپشکندرێت.
وتیشی “زۆربەی ئەوانەی ئامادە دەبن خێزانەکانن و سەرجەم ئەو هونەرمەندانەش بەشدارن کە هەفتەی رابردوو بەشداریان کردبوو”.
رۆژی 28.5.2026 لەسەر شانۆی رۆمانی لە پارکی هەواری شار، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکە ئاڵۆزی و پشێوی دروستکراو نەتواندرا بە تەواوی بەڕێوەبچێت.
دامەزراوەی “ساڵ” کە رێکخەری ئاهەنگەکەیە روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئاڵۆزییەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کەسانەی ببوونە هۆی تێکدانی ئاهەنگەکە دەستگیرکراون و رۆژی هەینیش ئاهەنگەکە دووبارە دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن