"تاران و واشنتن نزیکن لە رێکەوتن"

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گواستنەوەی یۆرانیۆمی ئێران بە ئەستەم دەزانێت

فەرهاد حەسەن

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاماژە بە نزیکبونەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت کە بەهۆی ئەستەمی گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ دەرەوە، دەبێت لە ناوخۆی ئێراندا لەناو ببرێت یان ئاستەکەی دابەزێنرێت.

رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكدا رایگەیاند، کێشەکانی نێوان واشنتن و تاران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەکرێن و ئێستاش هەردولا لە گەیشتن بە رێکەوتنێکی کۆتایی نزیکبوونەتەوە.

جەختی لەوەکردەوە، ئێران لە رووی یاساییەوە پابەندە بەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی لە هەمو چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئاگادار بکاتەوە، بێ گوێدانە ئەوەی بارودۆخەکە چۆنە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان تاران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بە چارەنوسی یۆرانیۆمی پیتێنراویش، گرۆسی روونیکردەوە کە دوای هەر رێکەوتنێک، باشترین بژاردە لەناوبردنی ئەو یۆرانیۆمە یاخود کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەیەتی، چونکە دەڵێت “لە رووی کرداری و لۆجستییەوە، گواستنەوەی ئەو بڕە یۆرانیۆمە بۆ دەرەوەی خاکی ئێران کارێکی زۆر ئەستەمە”.

گرۆسی داوای کرد کە دەبێت رێگە بە تیمەکانی ئاژانس بدرێت دەستیان بەو شوێنانە بگات کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لێکۆکراوەتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی مەیدانی پشکنینی بۆ بکەن و لە بڕە وردەکەی دڵنیا ببنەوە، بەو پێیەی هێشتا ئەو ماددانە لە ناوخۆی ئێراندان.

پێشتر ئاژانسی ئێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردبوەوە، توانای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی پیتاندنی یۆرانیۆم یاخود دووباره‌ پرۆسێسكردنی یۆرانیۆم له‌ ئێران وه‌ستاون، چونكه‌ ئێران رێگری له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان دروستده‌كات.