"منداڵەکانی خۆمان لە بیر ناکەین"
یەکەم پارکی منداڵان بە ناوی “منداڵێکی شەهید” لە بناری قەندیل کرایەوە
فەرهاد حەسەن
شارەوانی بناری قەندیل یەکەمین پارکی منداڵانی لە سنوورەکەی کردەوە ناوی لێناوە و پارکی شەهید سۆلین.
سۆلین، منداڵێکی تەمەن دوو مانگ بوو لەساڵی 2011 بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە کورتەک لەگەڵ تەواوی خێزانەکەی شەهید بوو.
دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، بە 964 ی وت، یەکەم پارکی منداڵانە کە لە سنووری گوندەکانی بناری قەندیل دەکرێتەوە نزیکەی 15 هەزار دۆلاری لێ سەرفکراوە”.
وتیشی “هەرچەندە ئەمڕۆ پارکەکەمان کردەوە بەڵام 90٪ ی کارەکانی تەواوکراوە هێشتا هەندێک کەموکوڕی ماوە لە دابینکردنی یاری دیکە بۆ منداڵان و دروستکردنی سیاجیش بۆ پارکەکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کردنەوەی ئەم پارکە، تەنیا شوێنێک نییە بۆ یاری و کات بەسەربردنی منداڵان، بەڵکو پەیامێکی گەورە دەنێرین بۆ داهاتوو، پەیامێک کە دەڵێت گەلێک کە منداڵەکانی خۆی لە بیر نەکات، داهاتوویشی لە بیر ناچێت.