"پێویستە واقیعبین بین"

عێراقچی دیداری نێوان خامنەیی و ترەمپ رەتدەكاتەوە

فەرهاد حەسەن

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هەر ئەگەرێک بۆ سازکردنی کۆبونەوە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و موجتەبا خامنەیی رێبەری ئێران، کە ترەمپ پێشنیازی کردبوو رەتدەكاتەوە و دەشڵێت، “پێویستە واشنتن تێڕوانینی بۆ دۆخەكە بگۆڕێت و خۆی لەگەڵ ئێراندا بگونجێنێت”.

عەباس عێراقچی، لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا و لە وەڵامی ترەمپدا وتی، “وتارێکم بینی کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو (ترەمپ) ئامادەیە کۆبونەوەیەک ئەنجام بدات یان دەیەوێت کۆبونەوەیەک رێکبخات”.

وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای رەتکردنەوەی ئەم ئەگەرە وتیشی، “پێموایە پێویستە واقیعبین بین”، جەختیشیکردەوە کە “لەبەر هۆکاری ئەمنی، دەزگا ئەمنییەکان ئامۆژگاری دەکەن کە لە شوێنە گشتییەکاندا زیاتر لەوەی ئێستا هەیە دەرنەکەوێت”.

عێراقچی داوای لە ویلایەتە یەکگرتوەکان کرد “درک بە راستییەکانی ئێران بکات” و “تێڕوانینی بۆ دۆخەكە بگۆڕێت” و “پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی، یان تەنانەت زیاتر لەوەش، بگونجێنێت”.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو. سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “نیویۆرک پۆست” رایگەیاند کە “ئارەزوو دەکات چاوی بە خامنەیی بکەوێت”، لە کاتێکدا وتوێژەکانی نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقیبەستووە.

موجتەبا شوێنی باوکی، عەلی خامنەیی گرتەوە کە لە 28.2.2026 لە یەکەم رۆژی جەنگدا بە هێرشی ئەمریکی – ئیسرائیلی کوژرا، ئەمەش دوای زیاتر لە 36 ساڵ لە پۆستەکەیدا، بەڵام موجتەبا لە سەرەتای مانگی ئازار كە وەک رێبەری باڵای ئێران دەستنیشانکرا، بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە و لێدوانەکانی تەنیا لە چوارچێوەی بەیاننامەی نوسراودا بوونە.