شەش کەس بریندار بوون

لە رێگەی کەلار – دەربەندیخان سەنتافەیەک وەرگەڕا

ژێوار خدر

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندا سەنتافە لەسەر رێگای سەرەکی کەلار – دەربەندیخان، شەش کەس بریندار بوون و سەرجەمیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کران.

هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە لە قەزای دەربەندیخانەوە بە ئاراستەی کەلار هاتووە، بەڵام لە بەرامبەر گوندی (لەواوان) کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا شۆفێرەکە و پێنج سەرنشین کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، تووشی پێکان و برینداری بوون.

دەشڵێت، سەرجەم بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری کراون لە ناحیەی باوەنوور، کە لەدایکبووی ساڵەکانی 1966، 1970، 1989، 1997، 2014 و 2015ن، لە ئێستادا تیمەکانی هاتوچۆ لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە بۆ زانینی هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە.