کێشەى ڤیزایان نەما

ئەمریکا رێگەی نەدا لە وڵاتەکەی بخەون؛ ئێرانییەکان بۆ مۆندیال کەمپەکەیان بردە مەکسیک

وریا فەتاح

تەنیا هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، کێشەی ڤیزا و شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەی ئێران چارەسەر بوو، بەڵام ئەمریکا نەیهێشت شاندەکە کەمپى راهێنانیان ببەنە سەر خاکەکەى.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ دواین دوو ئەندامی شاندەکەیان تەواو بووە و شەممەی داهاتوو دەگەنە شاری “تیخوانا”ی مەکسیک.

ئێرانییەکان سەرەتا دەیانویست کەمپی سەرەکی خۆیان لە شاری “توسان” لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا بکەنەوە، بەڵام پلانەکە سەرەوژوور بووەوە. کلۆدیا شینباوم، سەرۆکی مەکسیک ڕاستییەکەی درکاند و رایگەیاند، ئەمریکا ئامادە نەبووە رێگە بە شاندی ئێران بدات “شەو لە خاکەکەیدا بمێننەوە”، بۆیە ناچار بوون کەمپەکەیان بگوازنەوە بۆ مەکسیک.

دونێنێ مارکۆ رۆبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند کە رێگە نادەن هیچ کەسێک کە پەیوەندى بە سوپاى پاسدارانەوە هەبێتن تێکەڵى شاندى هەڵبژاردەى ئێران بێت و سەردانى ئەمریکا بکات.