ئەی قوربانیکردن چەند بووە؟

سیی دیارترین ئەندامی رەتکراوەی ئاژەڵان بووە لە جەژن قوربان

ئەحمەد مستەفا

لە رۆژانی جەژنی قوربانی ئەمساڵ، حەوت هەزار و 748 ئاژەڵی بچووک و دوو هەزار و 810 ئاژەڵی گەورە لەژێر چاودێریی تیمە ڤێتەرنەرییەکاندا سەربڕدراون، ئەمە قسەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵە لە هەرێمی کوردستان.

ئەوان ئەمڕۆ چوارشەممە 3.6.2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئامارە فەرمییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ و پشکنینە پزیشکییەکانیان لە 23 سەربڕخانەی فەرمی ئاشکراکرد.

بە گوێرەی داتاکە، بەهۆی نەخۆشی و نەگونجانی مەرجە تەندروستییەکان، رێگری لە سەربڕینی 47 ئاژەڵ لە گەورە و بچووک و  و زیاتر لە هەشت تۆن گۆشت و ئەندامی ناوەوەی ئاژەڵ بە نەشیاو ناسێنراون و لەناو براون، کە تێیدا “سی” باوترین ئەندامی رەتکراوە بووە، بە جۆرێک 366 سی و 290 جگەر رەتکراونەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، د. فەرەیدون حەمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی تای خوێنبەربوون لە هەولێر رایگەیاند، ساڵ بە ساڵ ژمارەی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە زیاتر دەبێت، بۆیە رێکارەکان توندتر کراونەتەوە، بە تایبەت هەڵمەتی رشاندن و شووشتنەوەی ئاژەڵ.

لە 2023 وە تیمەکانیان، 61  هەزار و 50 هۆڵی بەخێوکردنی ئاژەڵیان پاک کردووەتەوە، لەگەڵ شووشتنەوەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵ و پێدانی دەرمان و چارەسەر بە 880 هەزار ئاژەڵی تر.