دەقی نوسراوەکانی وەزارەتی دارایی
"دەستوەردان هەیە"
وەزیری دارایی دەستی لەکار کێشایەوە و وەزارەتیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا
ئەحمەد مستەفا
وەزیری دارایی دەستی لەکار کێشایەوە و وەزارەتیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی چوار کەسی لەسەر بەڕێوەبەرێک پێکهێناوە، لە کاتێکدا بە “تۆمەتی گەندەڵیی” چەند رۆژێکە هەمان بەڕێوەبەر دەستگیرکراوە.
ئەو کەسە ئاسۆ عوسمان قادر، بەڕێوەبەری خانووبەری میری سلێمانییە، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هونەر جەمال بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی دەستوەردان هەیە لە کاروباری وەزیری دارایی لە سلێمانی، وەزیر دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کردووە، و پێی وایە لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەتەکە رێکار گیراوەتەبەر”.
بە گوێرەی ئەو نوسراوانەی لە وەزارەتی داراییەوە 964 دەستی کەوتووە، رۆژی 23.9.2026 بە بەشداری سێ بەڕێوەبەرایەتی خۆی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر ناوبراو پێکهێنراوە، دواتر لە رۆژی 29.9.2026 وەزارەتەکە دووبارە، بە بەشداری سەرۆک و دوو ئەندام، وە نوێنەری داواکاری گشتی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تری پێکهێناوە.
بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی میری سلێمانی سەر بە وەزارەتی داراییە و ئەرکی سەرەکی بریتییە لە بەڕێوەبردن، بەکرێدان، فرۆشتن و تەرخانکردنی ئەو زەوی و موڵکانەی کە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
تائێستا بە روونی نە وەزارەتی دارایی و نە بەڕێوەبەرایەتییەکە باس لەوە ناکەن، تۆمەتی بەڕێوەبەرەکە بە دیاریکراوی چییە، بەڵام زیاتر لە هەفتەیەکە لە سلێمانی و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەڕێوەبەرەکە دەستگیرکراوە و وەزیریش لەسەر هەمان هەنگاو ناڕازییە و دەستی لەکار کێشاوەتەوە.