نزیکەی 1500 ئەفسەرن
وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی چهند هێزێك کرد
فەرهاد حەسەن:
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی 70، هێزەکانی پشتیوانی، فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوتن کرد، کە ژمارەیان ههزار و 385 ئەفسەرە.
وهزارهتی پێشمهرگه، ئهمڕۆ دووشهممه له راگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، شۆڕش ئیسماعیل واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانە کردووە و دەڵێت “ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی راستەوخۆی دڵسۆزی، ماندوبوون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان”.
وهزارهت خۆشحاڵیشە کە هەوڵەکانیان لە رێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتوبووە و ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.
پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و موچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی (2016)ـوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو، لە ساڵانی دواتردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردەوە بە پێداچونەوە و رێکخستنەوەی دۆسیەی فەرمانبەران بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی.
لە ساڵی (2024)ـەوە، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمیش داوای لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کردووە لیستەکانی موچە بە پلەبەرزکردنەوەی شایستەی فەرمانبەرانەوە ئامادە بکەن.