وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان:

فەرمانی دروستکردنی 20 هەزار شوقە بۆ کەسوکاری شەهیدان دراوە

964+
فەهمی نەبی

بە گوێرەی هەواڵێکی وەزارەتی شەهیدان، فەرمانی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە جۆری شوقە لە وەزارەتی شەهیدان دەرچووە و بە وتەی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کۆنووسی ئەو یەکانە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، رۆژی 17.3.2023 لە پەڕەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، شوقە بۆ کەسوکاری شەهیدان، جینۆسایدکراوان و زیندانیانی سیاسی دروست دەکرێت، بە مەرجی ئەوەی پێشتر سوودمەند نەبووبن.

عەبدوڵلا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی راگەیاندووە، ژمارەی ئەو شوقانەی دروست دەکرێن 20 هەزار یەکەیە لە جۆری شوقەیە و ئەرکی دارایی بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە ناکەوێتە سەر کەسوکاری شەهیدان و بەبێ بەرامبەر پێیان دەدرێت.

هەفتەی رابردوو، هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و 157 زیندانی سیاسی هەن و نزیکەی 100 هەزار کەسیش مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان وەردەگرن.