هەرکەسەو لە شوێنێک کاسبی خۆی دەکات
بۆ ئەم جەژنە ئاژەڵداران لە هەڵەبجە پەرتەوازە بوون
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، نەبوونی مەیدانی ئاژەڵان لە هەڵەبجە دووبارە هاتۆتەوە بەرباس، کاسبکار و ئاژەڵداران گرفتی ساخنەبوونەوەی ئاژەڵەکانیان هەیە، هەرچەندە قایمقامیەت شوێنێکی دیاریکردووە بۆیان، بەڵام بەشێکیان دەڵێن، شوێنەکە دوورە و ناتوانن بگەنە ئەوێ.
نەوشیروان خالید، ئاژەڵفرۆشە و سەبارەت بەم گرفتە بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “سێ بۆ چوار دەفتەر ئاژەڵمان هێناوە و ئێستاش نازانین چی لێبکەین چونکە شوێنێکی دیاریکراومـان نییە و هەر یەکەو لە شوێنێک ناچارین بوەستین، ئەگەر بەو شێوەیەش بێ، ناچارین ئاژەڵەکانمان هەرزانفرۆش بکەین، من وەک خۆشم سەربڕین، پارچەپارچە کردن و جیاکردنەوەیم کردووە بە بەلاش، بەس لەپێناو ئەوەی ئاژەڵەکانم بفرۆشرێن.”
دەشڵێت، “حکومەت مەیدانی ئاژەڵانی دیاریکردووە، بەڵام بەشێک لە ئاژەڵفرۆشان بە بیانووی دووری شوێنەکەوە ئامادە نەبوون بێنە مەیدانەکە، هەر بۆیەش ئێستا هەر ساڵەو شوێنێک دیاریدەکرێت بۆ فرۆشتنی ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا”
“بۆ ئەمساڵ شوێنێک لە گوڵانی سەروو دیاریکراوە، بۆ ئێمە زۆر دوورە و ئەگەر من بمەوێت ئاژەڵەکانم ببەم، دەبێت ئۆتۆمبێلیان بۆ بگرم و پارەی کرێکار بدەم، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە دەبێ تفاق و ئالیک ببەم، ئەوەش زۆر دەکەوێ لەسەرمان و بۆمان جێبەجێ نابێ”، ئەمەش هەر قسەی نەوشیروان خالیدە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری