سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا

“حکومەتی هەرێم پشتیوانی لە کابینەی عەلی ئەلزەیدی دەکات”

ئەرسەلان عەبدوڵا

راگەیاندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی کوردستان پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی عەلی ئەلزەیدی دەربڕی، لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاوڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی.

راگەیاندراوەکە، کە لە پەیجی فەرمی حکومەتی هەرێم بڵاوبووەتەوە، بەم جۆرەیە:

ئەمڕۆ شەممە 5/23، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ عەلی فالح ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.

له‌ کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و دەربڕینی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی لەپێناو خزمەتکردنی گشت پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی دووپات کردەوە، سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان.

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیارە لە دوو رۆژدا کۆمەڵێک کۆبوونەوە و دیداری فەرمی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و هەروەها سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانیش ئەنجام بدات.