ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، ئێران 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە
خامنەیی: یۆرانیۆمەکەمان ناچێتە دەرەوە
ترەمپ: یۆرانیۆمەکەی ئێران هەر بەدەست دەهێنین
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دا دواجار واشنتۆن یۆرانیۆمی پیتێنراوی کوالێتی بەرزی ئێران بەدەست دەهێنێت و بۆی هەیە لەناویشی ببەن، سەرەڕای ئەوەی ئێران دووپاتی کردووەتەوە یۆرانیۆمەکە رادەست ناکەن.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رۆژنامەنووسانی وت “یۆرانیۆمەکەی ئێران هەر بەدەست دەهێنین، پێویستیشمان پێی نییە، نامانەوێت، رەنگە دوای ئەوەی دەستمان کەوت لەناویشی ببەین، بەڵام رێگەیان پێنادەین هەیانبێت”.
سەبارەت بە کەشتیوانی دەریایی، ترەمپ وتی، “ئێمە نامانەوێت پارەی ترانزێت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە وەربگیرێت”، هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی رۆیشتنی ئازادیی بازرگانی و وزە لە رێگەی رێڕەوی ئاویی گرنگەوە کردەوە.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، دوو سەرچاوەی باڵای ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، رێبەری باڵای ئێران موجتەبا خامنەیی رێنمایی دەرکردووە کە یۆرانیۆمی زۆر پیندراوی وڵاتەکەی، کە ئاستی کوالێتییەکەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە، نەبرێتە دەرەوەی وڵاتەکەی.