دیمەنێکی بەهاریی بەنداوی دوکان - وێنە؛ فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم
سەرڕێژ دەبێت
بەنداوى دوکان جەژنەکەمان دەکات بە دوو جەژن
وریا فەتاح
98.1%ـى بەنداوى دوکان پڕبووە لە ئاو، تەنیا 1.9%ـى ماوە بۆ ئەوەى سەرڕێژ ببێت، ئاماژەکانیش پێمان دەڵێن، جەژنەکە دەبێت بە دوو جەژن و بیلماوسەکە سەرڕێژ دەبێت.
بەپێى ئەو داتایانەى دەست 964 کەوتوون، بەنداوەکە 6 ملیار و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، تا دوێنێ سێشەممە 20.5.2026ـ بەنداوەکە 6 ملیار و 672 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە، کەواتا تەنیا 128 ملیۆن مەتر سێجاى ماوە بۆ سەرڕێژ بوون.
لە جەژندا بەنداوى دوکان سەرڕێژ دەبێت؟
بەپێى داتاکان، لە دوێنێ دا، 261 مەتر سێجا لە هەر چرکەیەکدا ئاو رژاوەتە ناو بەنداوەکە، لەبەرامبەردا 42 مەتر سێجاى لێ رۆشتووە و 12 مەتر سێجاى دیکەشى لێ بووە بە هەڵم، واتا 207 مەتر سێجاى تەواوەتى دەمێنێتەوە کە لە بەنداوەکەدا لە هەر چرکەیەکدا گلدراوەتەوە. روونتر لەوە رۆژانە نزیکەى 18 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى بەنداوەکە زیاد دەکات، بەمەش ئەگەر تا حەوت بۆ هەشت رۆژى تر، ئاستى هاتنى ئاو بۆ بەنداوەکە بەم شێوەیە بێت، لە رۆژى هەشتەم بەنداوەکە سەرڕێژ دەبێت، بەڵام بەهۆى نەبارینى بارین بەردەوام ئاوى سەرچاوەکانى بەنداوەکە دەیدات لە کەمى بۆیە دیاریکردنى رۆژێک بۆ سەرێژ بوون دەکەوێت سەر رێژەى ئەو ئاوەى دەچێتە ناو بەنداوەکە، بەڵام هەموو ئەو داتایانەش ئاماژەن بەوەى، بەنداوەکە لە جەژندا یان لەسەرەتاى مانگى داهاتوو، سەرڕێژ دەبێت.