سیستمێكى نوێ بۆ كاروبارى مین له‌ هه‌رێم داده‌هێندرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا ده‌زگاى كاروبارى مین له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ سیستمێكى نوێ كاربكات و به‌رپرسێكی باڵاى ئه‌و ده‌زگایه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌و سیستمه‌ كارئاسانى زۆر ده‌كات و “یه‌كه‌مین به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان ئێمه‌ كارى پێده‌كه‌ین”.

عه‌لى محه‌مه‌د ئه‌مین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌كنیكی له‌ ده‌زگاى مین، به‌ 964ـى راگه‌یاند “ئه‌م سیستمه‌ ده‌بێته‌‌ هانده‌رێك و پاڵپشتییه‌ك بۆ پرۆسه‌ى كاروبارى مین كه‌ له‌ رووى به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆژیاى نوێ، ئاسانكارى زۆر بۆ پرۆسه‌ى كاروبارى مین ده‌كات”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ رێگه‌ى ئه‌و سیستمه‌وه‌، به‌ به‌كارهێنانى ئامێری پێشكه‌وتوو ده‌توانرێت هه‌رچی داتا و زانیاری له‌ ناو كێڵگه‌یه‌كى مین هه‌یه‌، بگوازێته‌وه ناو‌ تۆمارى داتابه‌یسه‌وه‌.

“سیستمه‌كه‌ى ئێستاى ده‌زگاى مین، پاڵپشتى بۆ هه‌موو كارێك ناكات و له ‌لایه‌نى به‌كارهێنه‌رانیشیه‌وه‌ چه‌ندین گرفت و كێشه‌ى هه‌یه‌” عه‌لى محه‌مه‌د ئه‌مین واى وت .

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پێی وایه‌، بوونى داتا و زانیاری بڕبڕه‌ى پشتى پرۆسه‌ى كاروبارى مینه‌، به ‌بێ بوونى ئه‌و داتاو زانیارییانه‌ پرۆسه‌یه‌كى رێكوپێك و سه‌ركه‌وتوو نابێت .

وتیشی “ئێستا ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌ له‌ قۆناغى ته‌واوبووندایه‌ و هه‌ر له‌م ساڵیشدا ده‌كه‌وێته‌ كار”.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ 964 له‌ ده‌زگاى مین وه‌ریگرتووه‌، بنكه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌و سیستمه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى ته‌كنیكی ده‌بێت و به‌ (ئۆپن شۆرس) ناسراوه‌، هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى كاروبارى مین سوودى لێوه‌رده‌گرن .

عه‌لى محه‌مه‌د ئه‌مین، ده‌شڵێت “ئه‌م سیستمه‌ یه‌كه‌مین به‌رنامه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى جیهان، كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بۆ ده‌زگاى مین به‌ هاوكارى و پاڵپشتى رێكخراوى (ئاى ماپ) ى ئه‌مه‌ریكی و له‌لایه‌ن وڵاتى ئه‌مریكاشه‌وه‌ فه‌ندى وه‌رگیراوه”‌.

به‌پێی داتاكانى ده‌زگاى مین، له ‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ تا ئێستا، زیاتر له‌ نیوه‌ى خاكى هه‌رێمی كوردستان كه‌ مینى لێبووه‌، پاككراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌پێی ئه‌و رووپێویه‌ى ‌لاى ئه‌وانه‌‌، له‌ كۆی 776 كیلۆمه‌تر 256 كیلۆمه‌تر ماوه.‌