"تابوتی کەرتی تەندروستییە"
دکتۆرە دانەمەزراوەکانی سلێمانی بە دارەمەیتەوە هاتنەسەر جادە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دکتۆرە دانەمەزراوەکان لە سلێمانیش بە دارەمەیتێكەوە هاتنەسەر جادە و ناویان ناوە “تابوتی کەرتی تەندروستی”.
دوای هەولێری پایتەخت، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 27.9.2026 لە سلێمانیش دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و هاوڕێکانیان هاتنەسەر جادە و داوای دامەزراندن دەکەن، ئەوان دارەمەیتێکیان سەرشان ناوە و دەڵێن، “ئەمە تابوتی کەرتی تەندروستییە کە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بەشە پزیشکییەکان لەخۆدەگرێت”.
ئەوان دەڵێن، ساڵێک زیاترە خوێندنیان تەواو کردووە و هێشتا دانەمەزراون، لەگەڵ ئەو دەرچووانە، بەشێک لە خوێندکارانی کۆلیژی پزیشکی کە هێشتا خوێندنیان ماوە، چوونەتە پاڵ ئەو دکتۆرانە و دەڵێن، “پاڵپشتیان دەکەین، چونکە پیشەکەمان پلەبەندییە و ئەوان مافیان بخورێ و دانەمەزرێندرێن، ئێمەیش مافمان دەخورێ و داهاتوومان هەر ئەوە دەبێ”.
ئەمڕۆ لە هەولێری پایتەختیش دکتۆرە دانەمەزراوەکان چوونە بەردەم وەزارەتی تەندروستی، چەند نوێنەرێکیان چوونە لای سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، هێشتا وڵامێکی گونجاو و موقنعیان لەسەر دامەزراندنیان وەرنەگرتووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری