سەرۆکى تیمى پارێزەرانى لالەزار ئاشکراى دەکات

راستى و دروستى دانپێدانانى پاسەوانەکە و ئەوەى لە دادگاى سلێمانى روویدا


ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

سەرۆکى تیمى پارێزەرانى دۆسیەى دەستگیرکراوانى لالەزار ئاشکراى دەکات، ئەوەى حەمەڕەش لە داگا وتوویەتى بەم شێوەیە بووە کە وتویەتى،”چەقۆم لێدراوە، ددانم شکێندراوە و لە پیاوەتى خراوم”.

حەمەڕەش یەکێک لە پاسەوانە تایبەتییەکانى رێبوارى حامید حاجى غالییە، کە سەرکردەیەکى سەربازییە و نزیکە لە لاهور شێخ جەنگى و لە رووداوەکانى 22ـى ئابى 2025، لە رووبەڕووبوونەوەکەى لالەزار، دەستگیرکران.

بورهان رەشەى گوڵە کە سەرۆکى تیمى پارێزەرانى دۆسییەکەیە بۆ 964، ورد و درشتى رووداوەکانى ناو دادگاى گێرایەوە و وتى،”حەمەڕەش لە کاتى وتەکەیدا، لەبەردەم دادوەر وتوویەتى لێمدراوە و چەقۆیان لە پشتم داوە و ددانم شکێندراوە و لە پیاوەتى خراوم”.
وەک ئەوەى بورهان رەشەى گوڵە باسى دەکات، لە کاتى لێکۆڵینەوەکاندا واى بەرامبەر نەکراوە، بەڵکو لە رۆژى رووداوەکەى لالەزار ئەمەى بەرامبەر کراوە، بەڵام لە کاتى لێکۆڵینەوەدا هەڕەشەى لێکراوە و ئەشکەنجەى دەروونى دراوە و پێیان وتووە،”ئەگەر دانى پێدا نەنێیت ئەوەى بەرامبەرتکراوە، دووبارەى دەکەینەوە”.

بەوتەى ئەو پارێزەرە، دادگا لەسەر رێچکەى یاسایى خۆى ناڕوات و دەستوەردانى حیزبى زاڵە، چونکە ئەوان داوایان کردووە دۆسییەکەى بگوازرێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح