بە دەنگدان ئەنجومەنی گوند و جێگرەکانی هەڵدەبژێردرێن
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
لە هەڵبژاردنێکی بچووکراوەی دیموکراسیدا ئەمشەو لە مزگەوتی رەییان لە هەڵەبجە، ریشسپی، کەسایەتی و خەڵکی گوندی گریانە بە شێوەیەکی دیموکراسی و هاوشێوەی هەڵبژاردنە گەورەکان، ئەنجوومەن و دوو جێگری گوندەکە هەڵدەبژێردرێن.
غەریب ئەحمەد، یەکێک لە رێکخەرانی ھەڵبژاردنەکە بە 964ی وت:” ھەرکەسێک کە سەرۆک خێزان بێ و پێناسی گریانەیی بێت مافی دەنگدان و خۆ پاڵاوتنیشی ھەبووە بۆ ھەڵبژاردنەکە، تەمەن و رەگەز دیارینەکراوە و تۆماری دەنگدانمان ھەیە و ئەمشەو زیاتر لە دوو سەد کەس دەنگەدەدەن”.
ئاشکراشى کرد،،شەش کەس خۆیان پاڵاوتووە و خۆشیان ئازاد بوون لە شێوازی بانگەشە و ئەمە یەکەمجارە کە ئەنجوومەنی گوند ھەڵەبژێرین، و پێشتر تەنیا کوێخای گوند ھەبووە.
سەلما حەمەخان، یەکێکە لە دەنگدەرەکان و بۆ 964 قسەی کرد و وتی:”ئەو کەسەی کە دەنگی پێدەدەین، پێویستە لەسەری کە خزم خزمێنە نەکا، و نەڵێ ئەوە خاڵۆزامە و ئەوە پورزامە، ئەگەر شتێک ھەبێ، پێویستە من بخاتە پێش کەسوکارەکەی خۆی ھەمووی وەک یەک سەیر بکات”.
گریانە گوندێکی سەر بە پارێزگای ھەڵەبجەیە، و 22 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگاکەوە دوورە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح