دەروازەکانی هاتنە ناو شاریش دەگرێتەوە
شارەوانی هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ کرد بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆییەکان
فەرهاد حەسەن
شارەوانی هەولێر دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ کرد لەبارەی نەهێشتنی زێدەڕۆییەکان و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی راسپارد دەست بەکار بن.
شارەوانی بڵاویکردووەتەوە، پاڵپشت بە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و راسپاردەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە 16.5.2026، سەرۆکی شارەوانی لەگەڵ گشت بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکان و سەرپەشتیار و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانی سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆبووەوە .
هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکانی راسپارد بۆ رێکخستنەوە و لادانی زێدەڕۆییەکانی ناو شاری هەولێر و هەروەها بەدواداچوون بۆ بازاڕ و شوێنە گشتیەکان و راگرتن و رێگریکردن لە هەر زێدەڕۆییەک کە کرابێتە سەر موڵکی گشتی و کەمکردنەوەی جەنجاڵی سەر شەقامەکان، بە تایبەت رێگا سەرەکی و دەروازەکانی هاتنە ناوەوەی شار .
لە کۆبوونەوەکە، تیشک خرایە سەر رێکارەکانی رێگەپێدانی دروستکردنی خانوو و باڵەخانەکان و رێکخستنەوەی رووکار و شۆستەکان ئەوەش بەپێی رێنماییە یاساییەکان و گەڕانەوەی سیمای شار و پاراستنی لە رێکپۆشی .