بناری چیای کۆدۆ
رووفاتی سێ سەربازی عێراق دۆزرانەوە
ئاکام غەفور
رووفاتی سێ سەربازی عێراقی، کە لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران کوژراون، لە بناری چیای کۆدۆ لە هەرێمی کوردستان دۆزرانەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران عەبدولوەهاب مەحمود ئەمڕۆ شەممە بە 964ی راگەیاند، رووفاتەکان لە بناری چیای کۆدۆ دۆزراونەتەوە و هەرسێکیان ملوانکەی لە ملدایە و ناو و جۆری خوێنیان لەسەر نووسراوە.
بە گوێرەی ئەو وێنەیەی دەست 964 کەوتووە، ناوی ئەو سەربازانە بەم جۆرەیە: موسا یونس وهب، جۆری خوێن 0+ موسڵمان، سادق محەمەد مستەفا، جۆری خوێن 0+ موسڵمان، حەمەد شکوری قەمۆ.
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەوەشی وت، رووفاتەکان لە بناری چیای کۆدۆ دۆزراونەتەوە و وەزارەتی شەهیدانی کوردستانی لێ ئاگادار کراوەتەوە، ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ لایەنی عێراقی هەیە و پەیوەندییان پێوە دەکەن، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ گواستنەوەی رووفاتەکان ئەنجام بدرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا