ئەوەی چاوپۆشی بكات به‌توندی سزا دەدرێت
وه‌زاره‌تی ناوخۆ رێكاره‌كانی رێگری و لابردنی زیاده‌ڕۆیی توندتر ده‌كات
فەرهاد حەسەن
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رێكاره‌كانی رێگری و لابردنی زیاده‌ڕۆیی توندترده‌كه‌نه‌وه و هه‌ركه‌س و به‌رپرسێكیش ئاسانكاری یان چاوپۆشی بكات، به‌توندی رووبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، به فه‌رمانی ژماره 13933 له 13.5.2026 به واژۆی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ، رێكاره‌كانی رێگری و لابردنی سه‌رپێچی زیاده‌ڕۆی له‌سه‌ر موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت و سه‌رچاوه و سامانه سروشتییه‌كان توند كران و بۆ ئاستی ناحییه‌كان شۆڕ كرانه‌وه.
به گوێره‌ی فه‌رمانێكی وزاری، بۆ چالاكتركردنی هه‌وڵه‌كانی رێگریكردن له سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت، دارستان و پاوان، حه‌ره‌می شه‌قام و به‌نداو و پۆند و چه‌م و رووباره‌كان، و دوای كۆبونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵ، پارێزگار و سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، نوێنه‌رانی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه، به پشت به‌ستن به یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژماره (6)ی ساڵی 2009 بڕیاردرا به پێكهێنانی لیژنه‌ی ڕێگریكردن و لابردنی سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆیی، هاوشێوه‌ی لیژنه‌ی هه‌ولێر، له پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی دیكه و راسته‌وخۆ ده‌به‌سترێنه‌وه به پارێزگار/ سه‌رپه‌رشتیار.
لیژنه‌یه‌ك پێكدێت به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌فسه‌رێكی چالاك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس و ئه‌ندامێتی نوێنه‌ری لەیەنە پەیوەندیدارەکان له سنوری پارێزگا / ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ كه به پێویستی ده‌زانرێت، هه‌روه‌ها لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكده‌هێندرێت له ده‌ره‌وه‌ی سنوری سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی له قائیمقامیه‌ت و ناحیه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی دارستان و ژینگه، ئه‌ندامێتی نوێنه‌ری ئاسایش، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، یه‌كێك له موختاری سنور، راسته‌وخۆ ده‌به‌سترێته‌وه به قائیمقام یان به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه.
هەر بەپێی نوسراوه‌كه‌دا، بڕیاردراوه به پێدانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌دواداچون و راگرتنی ده‌ستبه‌جێی هه‌موجۆره سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆییه‌ك كه له یاسای ژماره (3)ی ساڵی 2018، یاسای ڕێگری له زیاده‌ڕۆیی و لابردنی له‌سه‌ر زه‌ویوزار و موڵكی ده‌وڵه‌ت له هه‌رێمی كوردستان و یاسا و رێنماییه به‌ركاره‌كانی دیكه وه‌كو زیاده‌ڕۆیی پێناسه‌كراوه، هه‌روه‌ها كه‌سی زیاده‌ڕۆكار ئاگادارده‌كرێته‌وه به راگرتنی زیاده‌ڕۆییه‌كه‌ی و لابردنی له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆییه‌كه‌ی رانه‌گرت و لا نه‌برد، ده‌ستبه‌جێ كه‌یسی یاسایی له‌سه‌ر ده‌كرێته‌وه و به بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستگیر ده‌كرێت و ئاماژه به مادده‌ی (14)/ یه‌كه‌م له یاسای ئاماژه‌بۆكراو له بڕگه‌ی دووه‌م، نابێت زیاده‌ڕۆكار له هه‌ردوو قۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی یان دادگاییكردن، ئازاد بكرێت تا زیاده‌ڕۆییه‌كه‌ی لاده‌بات، لیژنه و خانه‌واده‌ی زیاده‌ڕۆكار، زیاده‌ڕۆییه‌كه له‌سه‌ر خه‌رجی زیاده‌ڕۆكار لاده‌به‌ن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌پاشخانی نوسراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌كردوه، “هه‌ر كه‌سێك له یه‌كه ئیداری و فه‌رمانگه و دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت كه‌مته‌رخه‌می، ئاسانكاری یان چاوپۆشی بكات له زیاده‌ڕۆیی، به پێی یاسا و رێسا به‌ركاره‌كان رێكاری توندی به‌رامبه‌ر وه‌رده‌گیرێت”.