وەزارەتی ناوخۆ:

 ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆ خاوەن پێشەنگاکان بۆ یەک ساڵ درێژکرایەوە


وریا فەتاح

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان و بازرگانانی بواری ئۆتۆمبێل دەرکرد، کە تێیدا بڕیاری لێخۆشبوون لە سزای دارایی و درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی دا.

بەپێی فەرمانی وەزاری ژمارە (13935) کە لە رێکەوتی 13ـی ئایاری 2026 دەرچووە و واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل بۆ ماوەی یەک ساڵ.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە وەک رەچاوکردنێکە بۆ لێکەوتەکانی بارودۆخی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر کەسابەت، گوزەرانی خەڵک و جووڵەی بازرگانی.
بڕیارەکە ئەو بازرگان، خاوەن کۆمپانیا و پێشەنگایانەی بواری هاوردەکردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل دەگرێتەوە، کە پێش دەستپێکردنی شەڕەکە ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیان هاوردە کردووە، بەڵام بەهۆی دۆخەکەوە لە گەراج و پێشەنگاکانیان ماوەتەوە و نەیانتوانیوە بیفرۆشن.

وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە لە رۆژی دەرچوونی ئەم فەرمانەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ مۆڵەتیان پێدراوە و لەو ماوەیەشدا هیچ سزایەکی دارایی (غەرامە) ناکەوێتە ئەستۆیان.