ئاگادارى نۆرینگه‌ پزیشكییه‌كانى حاجیاوا بن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ژماره‌یه‌ك نۆرینگه‌ى پزیشكى له‌ قه‌زاى حاجیاوا داخران هه‌ڵمه‌تى چاودێریكردنیشیان به‌رده‌وامه‌، لیژنه‌ى به‌دواداچوون و چاودێریش ده‌ڵێت، ده‌رمانى ماوه‌به‌سه‌ر و بێ سه‌رچاوه‌یان فرۆشتووه‌ و خه‌ڵكێكیش هه‌بووه‌ وه‌ك پزیشك خۆی ناساندووه كارى كردووه‌، به‌ڵام مۆڵه‌تی نه‌بووه‌.

حاجیاوا، له‌ 22.2.2022 له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆوه‌، بڕیارى به‌قه‌زابوونى ده‌رچووه‌، به‌ڵام تا ئێستاش به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌بات.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ لیژنه‌ى چاودێرى و به‌داوداچوونى بازاڕ له‌ قه‌زاى حاجیاوا به‌ 964ـى راگه‌یاند “له‌ماوه‌ى دوو رۆژدا نزیكه‌ى نۆ نۆرینگه‌ى پزیشكى هه‌ریه‌كه‌و به‌هۆكارێك داخراون و ژماره‌یه‌كیش ئاگاداركردنه‌وه‌یان بۆ كراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر پابه‌ندی رێنماییه‌كان نه‌بن، ئه‌وانیش داده‌خرێن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی “خه‌ڵكێك هه‌بووه‌ له‌ناو ئه‌و نۆرینگانه‌ وه‌ك پزیشك خۆى ناساندووه‌ و كارى كردووه‌ و مۆڵه‌تیشی نه‌بووه‌”.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964 ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ قه‌زاى حاجیاوا لیژنه‌ى چاودێرى بازاڕ هه‌ڵمه‌تێكی تایبه‌تى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى نۆرینگه‌ پزیشكییه‌كانى ئه‌و سنووره‌ى ده‌ستپێكردووه ‌و تا ئه‌مڕۆ پێنجه‌ممه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

هۆبەی ئابوری یاریدەدەرێتی ئاسایشی حاجیاوا ، بە هەماهەنگی هۆبەی دامودەزگای بەڕێوه‌بەرایەتی ئاسایشی راپەڕین، بەشی پشكنین و بەدواداچوون، لیژنەی kmca ، له‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ن كه‌ نۆرینگه‌كان به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یندراوێكیش كه‌ هۆبه‌ى ئابوورى ئاسایشی حاجیاوا بڵاویكردۆته‌وه‌، هۆكاری داخستنى ئه‌و نۆرینگانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دەرمانی رێگە پێنەدراو و بێ سه‌رچاوه‌یان فرۆشتووە، هه‌روه‌ها بوونى ئامێری لیزه‌ دوور لە چاودێری پزیشکی پسپۆڕ به‌كارهێنراوه‌، له‌به‌شێكی ئه‌و نۆرینگانه‌ش پزیشکی دەرمانسازئاماده‌نه‌بووه‌.

حاجیاوا 129 كیلۆمه‌تر لە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە، یەکێکە لە گەورەترین ناحیەکان و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 75 ھەزار كه‌سن.