تەنی نامۆتان بینی پەیوەندی بە 182 بکەن
لە هەڵەبجە؛ 18 گولـلە هاوەن لە زەوییەکی نیشتجێبووندا دۆزرایەوە
ژووری هەواڵ
لە زەوییەکی نیشتەجێبوونی پارێزگای هەڵەبجە 18 گولـلە هاوەن دۆزرانەوە و کاروباری مینی هەڵەبجەش گولـلەکانی گواستنەوە شوێنێکی سەلامەت.
ئەمڕۆ دووشەممە 11.5.2026 دەزگای گشتی کاروباری مین بڵاویکردەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتییەکەیان لە هەڵەبجە 18 گولـلە هاوەنیان لە زەوییەکی نیشتەجێبووندا هەڵگرتەوە و گواستیانەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت بۆ ئەوەی دواتر لەناویان ببەن.
چیرۆکی دۆزینەوەی ئەم تەقەمەنیانە بەوشێوەیە بووە کە هاوڵاتییەک دوای ئەوی لە زەوییەکەیدا بینیوینی، لە ڕێی هێڵی گەرمی 182 دەزگای گشتی کاروباری مینی ئاگادارکردووەتەوە، تیمەکانی پووچەڵکردنەوە و چارەسەرکردنی تەقەمەنیش چوونەتە شوێنەکە و تەواوی گولـلە هاوەنەکانیان هەڵگرتووەتەوە کە لە قەبارەی 120 ملیم بوون.
هەر ئەوەش نا، بەڵکو هەر ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی هەڵەبجەوە حەوت گولـلە هاوەنی دیکە رادەستی تیمەکەی دەزگای مین کراون.
دەزگای گشتی کاروباری مین باسی لەوەکرد، تەواوی ئەم تەقەمەنییانە دوای پشکنین و دڵنیابوونەوە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، لەلایەن تیمەکانەوە گوازرانەوە بۆ کۆگایەکی تایبەت، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوانیش لەناوببەن.
کاروباری مینی هەڵەبجە، داوا لە هاوڵاتییانی سنوورەکەی دەکات لەکاتی بینینی هەر تەنێکی گوماناوی هاوشێوەی ئەم نموونەیە کە لە وێنەکاندا دەرکەوتووە، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و دەورووبەریان، دەستکاری نەکەن و لەڕێی ژمارەی خۆڕایی 182 لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.