تا ئەمڕۆ

زیاتر لە 1000 حاجیی هەرێمی کوردستان گەیشتنە مەککە

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 1000 حاجیی کورد بە سەلامەتی گەیشتوونەتە شاری مەککە و دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکانیان کردووە.

کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ئاشکرای کرد، کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، یەکەم کاروانی حاجیانی سلێمانی کە پێکهاتوون لە 147 کەس بەرەو سعودیە بەڕێدەکەون، بەمەش تەنیا تا کۆتایی ئەمڕۆ ژمارەی ئەو حاجییانەی دەگەنە مەککە دەبێتە 1176 کەس.

سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکان، کاروان ستوونى وتى،” ئاسانکاریی تەواویان بۆ کراوە، بەجۆرێک حاجی پێویست ناکات بارگە و جانتاکەی هەڵبگرێت، بەڵکو راستەوخۆ دەگەیەنرێتە ژوورەکەی لە لە شوێنى مانەوە. هەروەها تیمە پزیشکییەکان بەردەوام چاودێریی حاجیان دەکەن و رۆژانە 3 ژەمە خواردنیان لەلایەن شێفی کوردەوە بۆ ئامادە دەکرێت”.

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دڵنیایی دەدات کە خشتەی گەشتەکان بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت، بڕیاریشە رۆژی 17.5.2026 کۆتا کاروانی حاجیانی کوردستان بگەنە عەرەبستانی سعودیە.