زبڵ و خاشاک فڕێمەدەن
لە سۆران سزای توند بۆ سەرپێچی ژینگەیی دەرچوو
فەرهاد حەسەن
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سزای توندی بۆ سەرپێچی ژینگەیی راگەیاند بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی زبڵ و خاشاک فڕێدەدەن و داواش لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاریان بکەن.
ئیدارەی سۆران لەوە توڕە ونیگەرانە کە هاوڵاتیان لە کەندەکانت سنووری ناحیەی دیانا و پێچەکانی سیدەکان پاشماوە و خاشاکەکانیان فڕێدەدەن، چونکە بەپێی ئەو گرتەڤیدیۆیەی بڵاویکردووەتەوە پاشماوەیەکی زۆر لەسەریەک کەڵەکەبووە و تیمەکانی شارەوانیش سەرقاڵی پاککردنەوەن.
ئیدارەکە دەڵێت، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ژینگەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هاوڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە کە هەر کەسێک زبڵ و خاشاک یان پاشماوەی بیناسازی لەو شوێنانە فڕێ بدات، بە تووندی سزا دەدرێت.
داواش لە هاوڵاتیان دەکات، لە کاتی بینینی هەر دیمەنێکی ناشارستانی بۆ پیسکردنی ژینگە، وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچییەکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بنێرن بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.