لە نۆیەم رۆژی گەڕان بەدوای تەرمەکانی رووباری گەلی

بە تەکنیکێکی نوێ هەوڵی دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ناو گەلی عەلی بەگ دەدرێت

964+

ئاکام غەفوور -سۆران

ئەمڕۆ نۆیەم رۆژی گەڕانی تیمەکانی بەرگری شارستانییە بەدوای ئۆتۆمبێل و تەرمی منداڵەکانی ناو رووداوی گەلی عەلی بەگ لە سنووری ئیدارەی سۆران، هاوکات ئەمڕۆ تیمێکی نوێ گەیشتوونەتە جێگەکە و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی تەکنیکێکی نوێ دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکە.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا 17 تەکنیکیان بەکارهێناوە بۆ دۆزینەوەی ئۆتۆمبێل و تەرمەکان، ئەمڕۆش تیمێکی سێ کەسی هاتوون و بە تەکنیکێکی نوێ کە هاوشێوەی سۆنەرە، هەوڵی دۆزینەوەی تەرمەکە دەدەن.

فەرزام شەکیبا، ئەندازیار و ئەندامی ئەو تیمە سێ کەسیەیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە 964ـی راگەیاند، ئەوان تا قوڵایی شەش مەتر دەتوانن ئاسنی گەورەی سەروو 500 کیلۆگرام لەنێو ئاوەکە بدۆزنەوە.

بە وتەی ئەو ئەندازیارە، ئەوان لەڕێگەی چەند ئامێرێکی کارەباییەوە کە لە یەکیان بەستووە، دەتوانن ئاسنی گەورە لە قوڵایی ئاوەکەدا بدۆزنەوە.