بازاڕی دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان داڕمایەوە

میدیازان – بڵند عوسمان – هەولێر

له‌ماوه‌ی چوار رۆژی رابردوودا، جارێكی دیكه‌ بازاڕی دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان دووچاری داڕمانێكی گه‌وره‌ بوو، له‌ نێویشیاندا بیتكۆین، كه‌ بە پاشای دراوە ئەلیکترۆنییەکان ناودەبرێت.

لەم هاتنە خوارەوەیە بیتکۆین نرخەکەی لە ٢٠ هەزارە ٣٧١ دۆلارەوە بۆ ١٦ هەزارو ٣٣٥ دۆلار دابەزی.

كۆسره‌ت عه‌بدولڕه‌حمان شارەزا لەبواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان کە چەند ساڵە سەروکاری لەگەڵ بازاڕی دراوەکان هەیە، به‌ میدیازانی راگه‌یاند، دابەزینی ئەم جارەی نرخی دراوە ئەلیکترۆنییەکان پەیوەستە به‌ کێشەی نێوان دوو گەورەترین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانەوه‌، ئەوانیش ئێکس چەینجی باینانس و ئێکس چەینجی ئێف تی ئێکس”.

لەناو دنیای دراوە ئەلکترۆنییەکان چەند گیرفان و ئەپڵیکەیشنی گەورەی ئاڵوگۆڕی ئەو دراوانە هەن کە خەڵکی لەڕێیانەوە مامەڵە بەو دراوانەوە دەکەن.

ئێستا دوان لەمانە لەنێوان خۆیاندا کێشەو ململانێیان هەیەو بەهۆیەوە بەکارهێنەران متمانەیان بەو دراوانە لەق بووە، هەر بۆیە نرخەکان بەگشتی هاتووەتە خوارەوە.

“پێشبینیی دەکەن هاتنە خوارەوەی نرخەکان بەردەوام بێت”

شاره‌زایانی بازاڕی دراوه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، پێشبینیی دەکەن هاتنە خوارەوەی نرخەکان بەردەوام بێت تا ئەوەی نرخی یەک بیتکۆین بگاتە ١٢ هەزار دۆلار، بەڵام دوای تەواو بوونی ئەم دابەزینە گەورەیە، دووبارە دەست بە بەرزبوونەوە بکات بۆ ناوچەکانی ٨٠،٠٠٠ دۆلار و ١٠٠،٠٠٠ دۆلاریش.