"پێویستە رۆژانە تیکتی زیاتر بدرێت بە هاوڵاتیان"
پارێزەران لە نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی و کەمی کارمەندی بەڕێوەبەرایەتییەکان ناڕازین
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ژمارەیەک پارێزەر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی گردبوونەوە و لە نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی و کەمی کارمەندی دایرەکە ناڕازین.
رێبین عەلی پارێزەری راوێژکار قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “لە ئێستادا نۆرەگرتن بەپێی سیستمە و ئەگەر تیکتت نەبێ ناتوانی سەردانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بکەی، بەتایبەتیش بۆ سیستمی قەرز، تەنیا دوو رۆژ لە هەفتەدا سیستمەکە کارایە، ئەگەر لەو دوو رۆژەدا خۆت نەگەیەنی ئیشت ناڕوا و خاوەن کاریش دەکەوێتە غەرامەوە”.
“کێشە لە سیستمەکەدا نییە، بەڵکو لە پێدانی تیکتەکەدایە، زەروورە لە رۆژێکدا 700 بۆ 800 تیکت بدرێت، بەڵام ئەوان 150 تیکت دەدەن، لە ماوەی چەند خولەکێکدا سیستمەکە دەوەستێ و هاوڵاتیان تیکتیان بەرناکەوێ”، رێبین عەلی وای وت.
وەک باسی دەکات، ئەو کێشەیە بەهۆی کەم کارمەندەوە سەریهەڵداوە و دەتوانرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری