لە خانەقین گواستنەوەی گۆشت بە بارهەڵگر بەردەوامە
پێشتر سزاش دراون
میدیازان – زينوێ راوی – خانەقين
گۆشتفرۆشەکانی خانەقین بەردەوامن لەسەر گواستنەوەی گۆشت لە کوشتارگە بە کیای بارهەڵگر، ئەگەرچی پێشتر بەشێکیان سزاش دراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ـی تشرینی دووەم، جارێکی تر ئەو کیا بارهەڵگرە لەناو شەقامەکانی خانەقین دەرکەوتەوە کە گۆشت بۆ گۆشتفرۆشەکانی خانەقین لە کوشتارگەی قەسری باغ دەگوازنەوە.
دکتۆر شوان شاکر، سەرۆکی کەرتی چاودێری تەندروستی خانەقین بە میدیازانی راگەیاند لیژنەکانی تەندروستی بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئەو فرۆشیارانەو ئەو کیا بارهەڵگرانە دەکەین کە گۆشت لە کوشتارگە دەگوازنەوە بۆ گۆشتفرۆشەکان.
وتی “ئەوە سەرپێچی رێنماییەکانی تەندروستییە، پێشتریش چەند شوفێرێکی ئەو کیایانە دەستگیر کراون و سزاش دراون، بۆیە ئەو وێنەیەی باسی دەکەی کە هی ئەمڕۆیە، یەکەمجار نیە حالەتی وەها رووبدات”.
دەرکەوتنەوەو بڵاوبوونەوەی وێنەکە لەناو سەنتەری بازاڕی خانەقین، خەڵکەکی تووشی شۆک کرد بەو پێیەی پێشتریش سزا دراون، چونکە ئەو کیایانە هیچ هۆکارێکی تەندروستی تێیاندا پارێزراو نیە، بەو پێیەی گواستنەوەی گۆشت دەبێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەت بێت کە بەڕادو ساردکەرەوەی تێدا بێت.
دکتۆر شوان شاکر، ئەو کەسە سەرپێچی کردووەتە سەر تەندروستی هاوڵاتیان، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نیە، لیژنەکانی قایمقامیەت لە گەڕان و بەدواداچون بەردەوامن بۆ ئەو جۆرە سەرپێچیانە، وتی “گواستنەوەی گۆشت بە بێ بوونی بەڕاد کارێکی مرۆڤانە نیە و رووبەڕوی سزا دەبێتەوە”.