کەرکوک
هێشتا هۆکاری ئاگرەکەی نەخۆشخانەی ئازادی ئاشکرا نەبووە
کاروان ساڵحی
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی رایگەیاند، هۆکاری ئاگرەکەی شەوی رابردوو لای ئەوان نییە و پەیوەندی بە بەرگریی شارستانی هەیە.
دکتۆر بەڵێن عومەر ئەمڕۆ شەممە 9.5.2026 بە 964ـی وت، “هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی شەوی رابردووی نەخۆشخانەی ئازادی لای ئێمە نییە، بەڵکو لایەنی پەیوەندیداری وەک ئاگرکوژێنەوە و بەڵگەی تاوان دەزانن، چونکە ئەوان لێکۆڵینەوە دەکەن”.
وتیشی، “ئەوەی گرنگە بەهۆی ئاگر و دووکەڵەوە هیچ نەخۆش و کارمەندێک شوکور بۆ خوا باری تەندروستییان تێکنەچووە ، تەنانەت دووکەڵ بۆ بەشی فریاکەوتن و نهۆمەکانیش نەڕۆیشتووە، دەستیش کراوە بە دەوامی فەرمی خۆمان، تەنیا دوو نەخۆش نەخۆشخانەیان جێهێشت، ئەوەش خۆیان باری تەندروستییان باش بوو، لەسەر ویستی خۆیان شەو دەرچوون”.
“ئەوی سووتاوە تەنیا دوو ژوور بووە، کە مێز و کورسی و قەنەفەی تێدابووە، ئەمەش بە یەک دوو رۆژ نۆژەن ناکرێتەوە، بۆیە شوێنێکی دیکەمان دیاریی کردووە بۆ ئەوەی نەخۆشەکان سەردانی بکەن و پشکنینیان بۆ بکرێت”، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە وای وت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو شوێنەی سووتاوە بەیانیان دەوامی تێدا دەکرێت تا کاتژمێر 2ونیو دوای نیوەڕۆ.
لە لای خۆیەوە سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی کەرکوک بە 964ی وت، بۆ هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە، بەڵگەی تاوان دوای لیکۆڵینەوە و وردبینی، خۆیان ئیدارەی نەخۆشخانە یان فەرمانگەی تەندروستی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوەش دوای چەند رۆژێک.
شەوی رابردوو ئاگر لە بەشی راوێژکاری منداڵانی نەخۆشخانەی ئازادیی فێرکاریی کەرکوک کەوتەوە و باش بوو هەرزوو کۆنتڕۆڵ کرا.
ماوەی دوو هەفتەیەک دەبێت کۆمەڵێک رووداوی نەخوازراوی یەک بە دوای یەک لە کەرکوک روودەدەن، کە قوربانیشی لێکەوتووەتەوە و لە هەمان کاتدا گومانیشی لای هاوڵاتیان دروست کردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا