دوێنێ شەو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟

ئاگربەستی نێوان روسیا و ئۆکرانیا و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی واشنتن و تاران

شۆڕش قادری

ترەمپ هێشتا ئاگربەستەکەی لەگەڵ ئێران ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە کەچی دەبێتە نێوەندگیر و ئاگربەست لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا رادەگەیەنێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی سێ رۆژەی لەنێوان روسیا و ئۆکرانیادا راگەیاند و دەڵێت، ئاگربەستەکە بەبۆنەی یادی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم بە سەرکەوتنی رووسەکان بووە.

ڤلادیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا قسەکانی ترەمپی بۆ ئاگربەستەکە پشتڕاست کردەوە و ئاشکرایکرد، هەریەکە لە ئۆکرانیا و روسیا دەیانەوێ لەماوەی ئەو ئاگربەستەدا هەزار دیل لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیارەکانی ئەمریکان و بەمزووانە وەڵامیان دەدەنەوە، رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵیش بڵاویکردەوە، رەنگە هەفتەی داهاتوو دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پاکستان دەستپێبکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە چەند وێنەیەکی مانگە دەستکردەکان رایگەیاند، گومانی رژانی نەوت لە نزیک دوورگەی خارگی ئێرانی هەیە، بە پانتایی 45 کیلۆمەتر چوارگۆشە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دیمەنی ساتی بە ئامانجگرتن و لەکارخستنی دوو کەشتی ئێرانی لە کەنداوی عومان بڵاوکردەوە، بەپێی راگەیەندراوی سێنتکۆم، دوو کەشتییەکە هەوڵیان داوە، گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران پێشێل بکەن.

درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆکارێکی نادیار ئاگر لە بەشی راوێژکاری منداڵان لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کەوتەوە، ئاگرەکە زوو لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە بێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵ کرا.

ئێوارەی دوێنێ ئاگر لە باڵەخانەیەکی ئێمپایەر کەوتەوە، دواتر شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، بە شەش تیم ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە و ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە.

هەر دوێنێ لە کاتی بەڕێوەچوونی سەیرانی ساڵانەی گوندی دێرگژنیکێ لە سنووری قەزای ئامێدی، سەر بە پارێزگای دهۆک، شەڕ لە نێوان چەند گەنجێکی دەرەوەی گوندەکەدا دروست بوو، بەهۆیەوە پیاوێکی تەمەن 50 ساڵان تووشی جەڵتە بوو، پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک گیانی لەدەستدا.

گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ کە بۆ گەشت و سەیران چووبووە نزیک بەنداوی پەڵکانەی ناحیەی لەیلان، لە کاتی مەلەکردندا خنکا و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کرا.

ماتۆڕسوارێکی تەمەن 25 ساڵ، لە کەرکوک کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و سەری بە شۆستەیەک کەوت و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

ساحیب بەزوون وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانێکی گەورە هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی رەش  (سووتەمەنی قورس) لە رێگەی بەندەری بانیاسی سوریا، بەڵام ئەو کارە پێویستی بە تەرخانکردنی پارە هەیە.