ساڵی رابردوو 300 هەزار مەتر قیرتاو کراوە
لە 226 گەڕەکی سلێمانی 90یان قیرتاو نەکراون
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە کۆی 226 گەڕەکی شاری سلێمانی 90یان قیرتاو نەکراون، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت بە پلان و ئەو بوودجەیەی لەبەردەستیانە قیرتاوکردنیان بەردەوامە.
ساڵی رابردوو شارەوانیی سلێمانی 300 هەزار مەتر قیرتاویان لە شەقام و گەڕەکەکانی سلێمانیدا کردووە.
کارگەی قیری تانجەرۆ تەنها کارگەیە کە تایبەت بە شارەوانیی سلێمانی و قیری بۆ بەرهەم دەهێنێت.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: پێویستییەکان زۆرن و ئەگەر هەمووی لێک بدەینەوە بە دووهێندەی ساڵی رابردووش پێویستیی قیرتاوکردنی گەڕەک و شەقامەکانی سلێمانی تەواو نابن.
وتیشی “گەڕەکەکان بەردەوام لە زیادبووندان و پێویستی و داواکاریی قریتاوکردن بۆ شەقام و گەڕەکەکانیش هەر زۆر دەبێت بۆیە بە پێی پلان و ئەو بوودجە و قیرەی لەبەردەستە بەردەوام دەبین”.
هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی مانگی ئازار کارگەی قیری تانجەرۆ چاکسازی تێدا دەکرێت و شارەوانیی سلێمانیش لەو ماوەیەدا قیری سارد بۆ چاککردنی شەقامەکان بەکار دەهێنێت.