"بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیان کۆڵانەکان داخراون"

دروستکردنی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دوو کۆڵانی لە گەڕەکێک داخست

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

لە گەڕەکی کارێزە وشکی سلێمانی بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەیەک دوو کۆڵان داخراون، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەش دەڵێت، کۆڵانەکان بۆ پاراستنی گیانی دانیشتووانی ئەو گەڕەکە و بەبڕیاری شارەوانی داخراون.

چەند رۆژ لەمەوبەر 964 ڤیدیۆی داخستنی ئەو دوو کۆڵانەی بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ ئەندازیار یاد لەتیف لە شوێنی کارکردنی پڕۆژەکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون دروست دەکەین و لەبەر پاراستنی گیان و سەروماڵی هاوڵاتیان هەستیان بە بەرزکردنەوەی داواکارییەک بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، دواتر تیمێکی شارەوانی هاتن پشکنین و وردبینیان بۆ شوێنەکە کرد و بڕیاردرا بەکاتیی ئەم کۆڵانە دابخرێت کە ئێمە کاری تێدا دەکەین”.

سەبارەت بە کۆڵانەکەی دیکە، یاد لەتیف وتی، دانیشتووانی ئەو کۆڵانە خۆیان داوایان لە سەرۆکایەتی شارەوانی کردووە، کۆڵانەکە دابخەن، چونکە لۆد و قەرەباڵغییەکی زۆری تێیدا دروست ببوو، ئێستا عاریزەکەیان بۆ دروستکراوە و هەر ماڵەو کارتی خۆی پێیە و دەتوانێت ئۆتۆمبێلەکەی بباتە ناو کۆڵانەکە.

ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات پڕۆژەکەیان تەواو بوو، کۆڵانەکان دەکرێنەوە و هاتوچۆی گشتی تێیاندا ئاسایی دەبێتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری