لە سلێمانى
باوکێک و باوەژنێک لەسەر ئازاردانى دوو منداڵ دەستگیرکران
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، هێزەکانیان پیاوێک و هاوسەرەکەیان( کە باوەژنى منداڵەکانى پیاوەکەیە) دەستگیرکردووە کە ئازاری جەستەیی دوو منداڵی پیاوەکەیان داوە، و لە ئێستادا منداڵەکان رەوانەی خانەی بێسەرپەرشتان کراون.
بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیس، دوای ئەوەی هێزەکانیان زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە بوونی حاڵەتێکی توندوتیژی دژی دوو منداڵ کە تەمەنیان 8 ساڵ و 4 ساڵە، دەستبەجێ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە. پاش وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر، بە سەرپەرشتی ئەفسەری بنکە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیوان چوونەتە شوێنی مەبەست و هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.
پۆلیس ناسنامەی تۆمەتبارەکانی ئاشکرا کردووە کە پێکهاتوون لە باوکی منداڵەکان بە ناوی (ع. م. م) لەدایکبووی ساڵی 1992، لەگەڵ باوەژنی منداڵەکان بە ناوی (س. س. ع) لەدایکبووی 2001 کە بە رەگەز عەرەبە. هەردووکیان تۆمەتبارن بە لێدان و ئازارگەیاندن بە منداڵەکان.
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان، پۆلیسی سلێمانی ڕوونیکردووەتەوە کە لە ئێستادا باوکی منداڵەکان بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 29 لە یاسای چاودێریی نەوجەوانان راگیراوە، بەڵام ژنەکە بە دەستەبەری دارایی (کەفالەت) ئازاد کراوە و لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن.
لە کۆتایی هەواڵەکەدا سەبارەت بە چارەنووسی منداڵەکان ئاماژە بەوە کراوە، دوای ئەوەی براونەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پزیشکیی پێویستیان بۆ کراوە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە سپێردراون بە خانەی بێسەرپەرشتان بۆ دابینکردنی پاراستن و چاودێریی پێویست بۆیان.