بەپێچەوانەوە کرێ شوقە هەرزان بووە
نرخی زەوی فڕیوە و تاڕادەیەکیش خانوو گران بووە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
لە هەولێری پایتەخت نرخی زەوی فڕیوە و تاڕادەیەکیش خانوو گران بووە، بەڵام بەپێچەوانەوە کرێی شوقە هەرزان بووە، وەک شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن، بەرزبووەنەوەی نرخەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کارەبا و ئاو و رێگاوبان دەگەڕێتەوە.
رێبوار سابیر خاوەنی نووسینگەی خانووبەرەیە و قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “لە هەولێر ساڵ بەساڵ نرخەكان زیاد دەكەن و بەتایبەتیش ئەمساڵ کە پڕۆژەکانی کارەبای 24 سەعاتی و ئاوی ئیفراز و بەشێکی شەقامی 150 مەتری جێبەجێ کراون، نرخی زەوی زۆر بەرزبووەتەوە”.
“زیاتر زەوی گرانبووە، خانووش کەمێکی چووەتەسەر، بۆ نموونە ئەگەر پارساڵ خانوویەک بە شەش دەفتەر بووبێ، ئەمساڵ 30 بۆ 40 وەرەقەی چووەتەسەر بەڵام زەوییەکی 50 وەرەقەیی، ئێستا بە دەفتەر و نیوێکە، واتە 15 هەزار دۆلار”، رێبوار سابیر وای وت.
باسی لەوەشکرد، لەماوەی پێشوو و بەهۆی جەنگی ئێران و ئاڵۆزییەکان، تاڕادەیەک نرخی زەوی و خانووبەرە هەرزان بوو، بەڵام لە ئێستادا دووبارە گرانبوونەتەوە.
بەقسەی ئەو مامەڵەکارە، کرێی شوقە ئەمساڵ نزیکەی 100 دۆلاری لێبووەتەوە و دابەزیوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری