مستەشارێک هەڵیگرتەوە
سێ شەو لە باوەشی تەرمى دایکی دا؛ چیرۆکی بەرکەوتەیەکى کیمیاباران
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
زۆرجار لە نێوان مانەوە و مردندا تەنیا موعجیزەیەک هەیە، ئەمە رێک بۆ چیرۆکى ژیانى هەوار قادر راستە، کاتێک 38 ساڵ لەمەوبەر موعجیزە ئاسا لە مەرگێکى راستەقینە رزگارى دەبێت و وەک برینێکى زیندوى گوندى گۆپتەپە دەمێنێتەوە.
ساڵی 1988، کاتێک فڕۆکەکان ژەهریان بەسەر گۆپتەپەدا باراند، هەوار کۆرپەیەکی تەمەن 11 مانگ بوو. لەو ساتەدا کە دایک و باوک و برایەکی گیانیان لەدەستدا، بەڵام هەوار رزگارى دەبێت و سێ رۆژ و سێ شەو لە باوەشى تەرمى ساردى دایکیدا دەمێنێتەوە و شیرى دایکە شەهیدەکەى دەخوات.
بەوتەى هەوار، دواى ئەو سێ رۆژە مستەشارێکى کورد هەڵیدەگرێتەوە و دەیبات بۆ ماڵی خۆیان لە چەمچەماڵ.
دەنگ و باس بڵاودەبێتەوە کە ماڵى مستەشارەکە منداڵێکى کیمیابارانى گۆپتەپەیان هەڵگرتووەتەوە، هەوار دەگێڕێتەوە: “کاتێک پورم زانیبووی من لەوێم، چووبوو بۆ وەرگرتنەوەم، بەڵام جاشەکە رازی نەبوو. کاتێک جاشەکە پورمی بە گریانەوە لە ماڵەکەی دەرکردبوو، دایک و هاوسەری ئەو پیاوە سۆزیان هەبووەو بە پورمیان وتبوو چاوەڕێ بکە تا دەڕوات بۆ دەوام، ئێمە منداڵەکەت پێ دەدەینەوە.” بەو شێوەیە و لە رێگەی بەزەیی ئەو دوو ژنەوە، هەوار دەگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی.
ژیانی هەوار دوای رزگاربوونیشی هەر لە مەترسیدا بوو. بەهۆی کاریگەریی چەکە کیمیاییەکەوە، تەواوی جەستەی ببووە برین. دۆخەکە هێندە ترسناک بوو تەنانەت پزیشکەکانیش لە ترسی رژێم و لە ترسی کاریگەریی ژەهرەکە نەدەوێران دەستی بۆ بەرن. بەڵام بەهۆی سووربوونی پورەکەى، دکتۆرێک رازی دەبێت شەوانە و بە “نهێنی” چارەسەری بۆ بکات.
38 ساڵ تێپەڕیوە، ئێستا هەوار لە شاری کۆیە نیشتەجێیە، هاوسەردارە و دایکى پێنج منداڵە. ئەگەرچی ساڵانێکی زۆر تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نیشانەکانی ژەهرەکە وەکخۆى دەڵێت: لەسەر جەستە و دەروونم ماوەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح