"پارە دڕاوەکەی هاوڵاتیان بەزەرەر دەگۆڕینەوە"
وەکیلەکانی بایەعی ناڕازین و دەڵێن هیچیان بۆ نامێنێتەوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
بریکارەکانی خۆراک و بایەعی ناڕازین و دەڵێن، لەو پارەیەی لە هاوڵاتیانی وەردەگرن، هیچیان بۆ نامێنێتەوە و بگرە هەندێک جاریش زەرەر دەکەن.
ئەمڕۆ ژمارەیەکیان لە سلێمانی گردبوونەوە و دەنگیان هەڵبڕی، سیروان سادق جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بریکاران بە 96ـی وت، “بۆ هەر جارێک دابەشکردنی خۆرک بریکارەکان 1500 بۆ 1750 دینار لە هاوڵاتی وەردەگرن و لەو بڕە پارەیە 1213 دینار دەدەن بە حکومەت، لەکاتێکدا بریکارەکان کۆمەڵێک مەسروفاتیان لەسەرە وەک عمولە و کرێ دوکان و حەماڵی و هاتوچۆ، بۆیە بەو حیساباتەوە 1450 دینار دەکەوێ لەسەریان و هیچیان بۆ نامێنێتەوە”.
“لایەنی پەیوەندیدار دەڵێ، دەبێ 1500 دینار لە هاوڵاتی وەربگیرێ، بەو پارەیە هیچ بریکارێک ناتوانێ خۆراک دابەش بکات”، سیروان سادق وای وت.
سیروان جەلال بریکاری خۆراکە و دەڵێت، “ئەم مانگە حەوت ملیۆن و 385 هەزار دینارم تەسلیمی مەسڵەحە کردووە، چوار ملیۆن دیناری دەستکەوتووە”.
ئەوان دەڵێن، “سەرەڕای ئەوەش لە مەسڵەحە پارەی کۆنمان لێ وەرناگرن و ناچارین پارە کۆنە و دڕاوەکەی هاوڵاتیان لە بازاڕی دۆلارەکە بە زەرەر بگۆڕینەوە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری