لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆ
وەزارەتی ناوخۆ:
“هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان قەدەغەیە”
شۆڕش قادری
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان قەدەغەیە و هەر کەسێک مافی لای ئەو کۆمپانیایانەیە کە ئەو کارەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، “لەبەر ڕۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتییان بپارێزێت، لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە، بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە”.
“هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە”، وەزارەتی ناوخۆ وادەڵێت.
داوایش لە هاوڵاتیان دەکات، بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە و هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.