ژمارەیەک جوتیار بریندار بوون
خۆپیشاندانى جوتیاران لە بەغدا توندوتیژى تێکەوت
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی ئایاری 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رێگرییان کرد لەوەی سەدان جوتیاری ناڕازی لە پردی کۆمارییەوە بپەڕنەوە بۆ ناو ناوچەی سەوز، بەهۆیەوە گرژی و پێکدادان روویدا و ژمارەیەک جوتیار بریندار بوون.
ئەو جوتیارانە لە پارێزگاکانی (نەجەف، دیوانیە، سەماوە، کەربەلا و بابل)ـەوە روویان لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا کردبوو، خۆپیشاندانەکەیان وەک ناڕەزایەتییەک بوو دژی “جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی حکومەت لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان و هەموارکردنەوەی نرخی وەرگرتنی گەنم”.
دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن و بڵاوەپێکردنیان ئاوپژێنیان بەکارهێنا، پێکدادان لە نێوان هەردوولادا دروستبوو، بەوهۆیەوە ژمارەیەک جوتیار بریندار بوون.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، بەیاننامەیەکی دەرکرد و فەرمانی دا بە دەستبەجێ وەرگرتنی داواکارییەکانیان. هاوکات بڕیاریدا بە کردنەوەی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ جوتیارەکاندا.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، سودانی جەختی لە رۆڵی جوتیاران کردووەتەوە لە گەشەپێدانی ئابووریی نیشتمانیدا، و دووپاتیکردووەتەوە کە حکومەت بەردەوامە لە گرنگیدان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە جوتیاران یەکێکن لەو توێژانەی زۆرترین پەرۆشییان هەیە بۆ پاراستنی مامەڵەی یاسایی و رێکخراو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، کە ئەو هێزانەش رۆڵەی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی عێراقن بەبێ جیاوازی.