" هەندێک بازرگان هەوڵی قۆرخکاری دەدەن"
گرانی هێلکە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی هێنایە دەنگ
964+
ژووری هەواڵ
لە عێراق هێلکە گران بووە و وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، قەیرانی هێلکە بوونی نییە و ئەو بڕەی بەرهەم دێت بەشی پێویستی بازاڕ دەکات.
هەرچەندە نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە لەوەی، هیچ قەیرانێکی راستەقینە لە بەرهەمهێنانی هێلکەدا نییە و بڕی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی بازاڕ بەسە، ئەمەش لە سایەی جێگیربوونی پڕۆژەکانی پەلەوەر و بەردەوامبوونیان لە بەرهەمهێنان.
بە گوتەی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەرزبوونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە کەمیی بەرهەمەوە نییە، بەڵکو هەندێک بازرگان هەوڵ دەدەن لەرێگەی قۆرخکاری و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی قەیرانی هێلکە، قازانجێکی زیاتر لە فرۆشتنی هێلکە بکەن.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، چەندین پڕۆژەی ناوخۆیی دەستیان کردووە بە خستنەڕووی هێلکە بە نرخی پاڵپشتیکراو و ڕاستەوخۆ بۆ هاوڵاتیان، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرانبوونی نرخ و گەڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بازاڕ.
کشتوکاڵی عێراق دووپاتی کردەوە، کە تیمەکانی چاودێری، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە بەدواداچوونی نرخەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکارییەک، داواش لە هاووڵاتیان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەکان و بە بڕی زۆر کاڵاکە نەکڕن، چونکە بازاڕی ناوخۆیی بەتەواوی دابینکراوە و هیچ کەمییەکی تێدا نییە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە لە هەرێمی کوردستانیش نرخی تەبەقی هێلکە بۆ شەش هەزار و 500 دینار بەرزبووەتەوە و فرۆشیارانی هێلکەش هۆکارەکەی بۆ چەند خاڵێک دەگێڕنەوە، لەوانە گرانبوونی ئالیک، کەمیی بەرهەمهێنان و بەتایبەتیش هەناردەکردنی هێلکەی ناوخۆ بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.