ئەوەى هەیە ئێرانییە
تائێستا شووتى عوزێم نەگەیشتووەتە بازاڕ
وریا فەتاح
هەرچەندە لێرە و لەوێ شوتى دانراوە و لەسەرى نوسراوە شوتى عوزێم، بەڵام 964 بەدواداچوونى کردووە دەردەکەوێت، تائێستا شووتى عوزێم پێنەگەیشتووە و نەگەیشتووەتە بازاڕەکانى هەولێر.
پەیامنیرى 964 چووەتە مەیدانى شووتى فرۆشانى هەولێر، دەیان بارهەڵگرى شووتى کە سەدان تۆن شوتیان هەڵگرتووە، هەموویان شووتى ئێرانین و عوزێمى تێدا نییە.
بەوتەى کاروان شێرزاد کە شوتى فرۆشێکى مەیدانەکەیە، جگە لە شووتى ئێرانى هیچ شوتییەکى تر لە بازاڕدا نییە. وەک دەڵێت: شوتى عوزێم لە دواى 15ـى 5ـەوە پێدەگات و نزیکەى 20 رۆژ بەردەوام دەبێت، دواى ئەویش شووتى هەولێر پێدەگات و لە دواى ئەویش شوتى شارەزوور.
بەوتەى ئەو شوتى فرۆشە، لە رووى تام و بۆن و کوالێتییەوە هیچى ناگات بە شوتى خۆماڵى، چونکە هەر بەنوێى دەگاتە بازاڕ، بەڵام شوتى ئێرانى دواى سێ نزیکەى چوار رۆژ ئینجا دەگاتە بازاڕەکانى هەرێم.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح