سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ _ وێنە: 964
"کە ناوت دەرچوو یەکسەر تاپۆی بکە"
لە زاخۆ 14 هەزار زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت
964+
شڤان عەبدوڵا
پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پێی ناوەتە قۆناغێکی گەورەترەوە، بڕیارە 14 هەزار فەرمانبەر لە 4 کەرتی جیاوازدا ببنە خاوەنی پارچە زەویی خۆیان، پڕۆسەکەش بە تیروپشک دەبێت و وەرگرتنی تاپۆکەشی دەستبەجێیە.
لە ئێستادا 5 هەزار پارچە زەوی بەتەواوی ئامادە کراون بۆ ئەوەی دابەش بکرێن، کارەکانیش خێرا کراون بۆ ئەوەی تا کۆتایی ئەم مانگە 9 هەزار پارچەکەی دیکەش ئامادە بکرێن، بەمەش کۆی گشتی دەگاتە 14 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەران.
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 3.5.2026 تایبەت بە 964ـی وت، “خۆشبەختانە بۆ دووەم جار ئیدارەی زاخۆ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بووە دەستپێشخەری یەکەم لە دابەشکردنی پارچە زەویدا”.
ئەوەشی روونکردەوە، سیستەمی دابەشکردنەکە بە تەواوی دادپەروەرانە دەبێت و بە تیروپشک دەکرێت بۆ ئەوەی مافی کەس نەفەوتێت.
وتیشی، “هەر فەرمانبەرێک ناوی لە تیروپشکەکە دەرچوو، پێویست ناکات چاوەڕێ بکات، بەڵکو یەکسەر دەتوانێت دەست بکات بە رێکارەکان و زەوییەکە بە ناوی خۆیەوە تاپۆ بکات”.
پێشبینی دەکرێت تەواوبوونی هەموو قۆناغەکانی دابەشکردنی ئەم 14 هەزار زەوییە، زیاتر لە 4 مانگ بخایەنێت.
ئەمە گەڕی دووەمی دابەشکردنی زەوییە لە سنووری زاخۆ کە ئەمڕۆ راگەیەندرا و بڕیارە هەر لەم مانگەدا دەستپێبکات، پێشتریش لە گەڕی یەکەمدا 4747 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی شایستەدا دابەش کرابوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح