لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی گردبوونەوە
دەرچووانی پزیشکی جارێکی دیکە داوای دامەزراندن دەکەن
رێباز خدر – ئەزلایڤ
خوێندکارانی دەرچووی بەشی پزیشکی لەبەردەم وەزارەتی تەندروستی لە هەولێر گردبوونەوە و جارێکی دیکە داوای دامەزراندن دەکەن.
پزیشکی دانەمەزراو، دەروون خدر قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “گردبوونەوەیەکی هێمنانەمان رێکخستووە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانی خۆمان بە وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەمان 663 کەسە و ماوەی 10 مانگە دەرچووی پزیشکین و تا ئێستا دانەمەزراوین”.
تەژنە نەوشیروان، پزیشکێکی دیکەی دانەمەزراوە و دەڵیت، “سیستەمی پزیشکی لە کوردستان بەشێوازی پلەبەندیە و هەموو پزیشکێک ساڵانە پلەکەی بەرز دەکرێتەوە و کەسی دیکە دەچێتە جێگەکەی، بۆیە دانەمەزراندی ئێمە کەلێن دەخاتە سیستەمی تەندروستی و کاریگەری راستەوخۆشی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دەبێت”.