گەشتوگوزاری هەڵەبجە گلەیی هەیە

گەشتیاران چاوگیان پیس کردووە

964+

ژووری هەواڵ

دوای چەندین جار پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی سەیرانگەی چاوگ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، سەردانیکەران شوێنەکە پیس دەکەن و بەڕێوەبەرایەتییەکەش گلەیی دەکات.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە چەند وێنەیەکی سەیرانگەی چاوگی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند، دوای چەندین جار نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوەی سەیرانگەکە، بەداخەوە سەردانیکەران جێگەکە پیس دەکەن و پارێزگاری لێناکەن.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرەڕای ئەوەی جێگەی تایبەت بە ئاگرکردنەوە دروستکراوە، بەڵام ئەو کەسانەی سەردانی سەیرانگەکە دەکەن، لەسەر چیمەن ئاگریان کردووەتەوە و کلێنسیان فڕێداوەتە سەر پەنجەرەی تەوالێتەکان لەکاتێکدا تەنەکەی خۆڵیان بۆ دابین کراوە.