شوێنی بزیاتر لە 2500 نوێژخوێن دەبێتەوە

مزگەوتە دێرینەکەی زاخۆ بە دیزاینێکی نوێوە نۆژەندەکرێتەوە “سێ مانگی ماوە”

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

دێرینترین مزگەوتی زاخۆ لە ژێر نۆژەنکردنەوە، 80٪ ی تەواوکراوە و ماوەی سێمانگی دیکەی بۆ دیاریکراوە بەیەکجاری تەواو بکرێت، کە لە دەرەوە و ناوەوەی شوێنی دوو هەزار و 500 نوێژخوێن دەبێتەوە.

بۆ یەکەمجار لەساڵی 1973 لەلایەن خێرخواز حاجی ئیبراهیمەوە بونیادنراوە و هەر بەناوی ئەویش ماوەتەوە، دەکەوێتە سەر لێواری رووباری خابور و ناو جەرگەی کۆرنیش و بازاڕی ئەو شارە، لەسەر رووبەری 800 مەتر چوارگوشە بەدیزاینێکی مۆدێرن و سەرنجڕاکێش دروستکراوە.

ئەندازیار سەربەست موحسین، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەکە بە 964 ی وت، کارەکانی نۆژەنکردنەوە و بونیادنان لە مزگەوتی حاجی ئیبراهیمی زاخۆ گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و نزیکەی 80% کارەکانی تەواو بووە، کە بە یەکێک لە مزگەوتە دێرین و دیارەکانی ناوچەکە دادەنرێت لە رووی شوێن و تەلارسازییەوە.

وتیشی “بەپێی ئەو دیزاینە نوێیەی لە نۆژەنکردنەوەکە بۆی داندراوە، بۆ رۆژانی هەینی و بۆنە ئاینییەکان، لە ناوەوە شوێنی هەزار و 200 نوێژخوێن لە دەرەوەش زیاتر لە هەزار و 200 کەسی دیکە دەتوانن لە حەوشە و تەنیشت لێواری خابور نوێژبکەن”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شوێنێکی تایبەت بۆ ژنانیش دابینکراوە کە جێگەی 100 نوێژخوێن دەبێتەوەو دەشڵێت “کەمتر لە سێ مانگی دیکە کارەکانی نۆژەنکردمەوەی تەواو دەکرێت”.

زاخۆییەکان بەشێوەیەک باسی ئەو مزگەتە دەکەن کە جگە لەوەی وەکو مەکۆیەکی ئایینی و پەرستن بەکار دەهێندرێت، هەمانکات مەڵبەندێکی گرنگی کۆمەڵایەتییە، وەک وێستگەیەکی بەیەکگەیشتن ناسراوە کە خەڵکی بیانی و گەشتیاران بۆ بینینی دیمەنەکانی و ئەنجامدانی چاوپێکەوتنە گرنگەکانیان مزگەوتەکە دەستنیشان دەکەن و لەوێ بەیەکدەگەن.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن

"نابێت بەردەم مزگەوتەکان ببێتە مینبەر و گۆڕەپانی میدیا و سیاسەت و ململانێ"