هێشتا سێ منداڵەکەی ئاوی گەلی نەدۆزراونەتەوە

“ئەمڕۆ بە موگناتیس و چەندین عەمەلیە دەگەڕێین”

ئاکام غەفور

ئەمڕۆ شەممە 2.5.2026 تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران و هێزە ئەمنییەکان و چەندین لایەنی دیکە، درێژە بە گەڕان بە دوای تەرمی ئەو سێ منداڵە دەدەن، کە دوێنێ هەینی لە ناو ئۆتۆمبێلێکدا کەوتنە ئاوی گەلی عەلی بەگەوە.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران کاروان میراودەلی بە 964ی راگەیاند، پێشبینیی ناکەن ئۆتۆمبێلەکە زۆر دوورکەوتبێتەوە، ئەمڕۆ بە چەندین شێواز و بە رێگەی موگناتیس و هێزی مرۆیی بە دوای تەرمەکاندا دەگەڕێن.

وتیشی، ساردیی و زۆری و خێرایی ئاوەکە ساردیان ناکاتەوە لەوەی بە چڕوپڕی بگەڕێن و ئاشکراشی کرد، کامێرای چاودێرییشیان هەیە و شەویش هەندێک سەرەداویان بۆ دەرکەوتووە.

میراودەلی باسی ئەوەشی کرد، کە بە درێژایی 45 کیلۆمەتر چاودێریی ئاوەکە دەکەن و تیمێکی دیکەی هەولێریش لە قەندیلەوە تا سنووری ئەوان گەڕان دەستپێدەکەن.

دوێنێ هەینی ئۆتۆمبێلێک، کە بە قسەی شایەتحاڵەکان خێرا بووە، کەوتە ئاوی گەلی عەلی بەگ و پێنج هاوڵاتی تێدا بوو، ژن و پیاوێک رزگاریان بووە و سێ منداڵیش هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا