دانەى بە 250 دینار

ژەمى بەیانیان تووشى قەیران بوو؛ هێلکە گران بووە

964+

ئەحمەد شەمزین٠- هەولێر

هێلکە بەشێکى سەرەکى خوانى بەیانیانى زۆربەى ماڵان پێکدەهێنێت، بەڵام نرخەکەى هێندە گرانبووە پێدەچێت ژەمى بەیانیان تووشى قەیران بکات، تەنانەت بەشێک لە مارکێتەکان بەهۆى گرانبوونییەەوە نایفرۆشن.

محەمەد فەیسەل، کە خاوەنی کۆگایەکی فرۆشتنی مریشک و هێلکەیە، بە 964ـى وت،” بە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، هەر کارتۆنێک هێلکە 12 هەزار دینار چووەتە سەر نرخەکەی. ئەمە وایکردووە بەشێک لە مارکێتەکان ئامادە نەبن بیکڕن، چونکە نرخی یەک تەبەقە هێلکە کە پێشتر بە 3500 دینار بوو، ئێستا بووە بە 6 هەزار و 250 دینار، واتە نزیکەی دوو هێندە گران بووە.”

ئیبراهیم تەها کە فرۆشیارێکی دیکەی هێلکەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێستا چوار دانە هێلکە بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.

هەردوو فرۆشیارەکە هۆکاری ئەم گرانبوونە لەناکاویە بۆ چەند خاڵێک دەگێڕنەوە، لەوانە گرانبوونی ئالیک، کەمیی بەرهەمهێنان و بەتایبەتیش هەناردەکردنی هێلکەی ناوخۆ بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەم گرانبوونە، رۆژی چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، پەیامنێری 964 پەیوەندی بە حەیدەر فەرحان، لە ئەنجومەنی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەولێر کرد. ئەو پێی وایە ئەم گرانبوونە سروشتێکی وەرزیی هەیە و بەتەواوی پەیوەستە بە هاوکێشەی خواست و خستنەڕوو.

حەیدەر فەرحان دەڵێت: کاتێک خواست لەسەر هێلکە زیاد دەبێت، راستەوخۆ بڕەکەی لە بازاڕدا کەم دەبێتەوە و نرخەکەی بەرز دەبێتەوە.

سەرباری ئەوەش، دەڵێت: “کەرەستەی دروستکردنی ئالیک گران بووە. لە رابردوودا ئەو کەرەستە خۆراکییانەی ئالیکی لێ دروست دەکرا لە بەسرەوە دەهات، بەڵام ئێستا ئەو سەرچاوەیە نەماوە و نایەت، ئەمەش گورزێکی گەورەی لە تێچووی بەرهەمهێنان داوە و یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم گرانبوونە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کۆگایەک هێلکەی خراپی دەفرۆشت بە 500 هەزار غەرامە کرا

کۆگایەک هێلکەی خراپی دەفرۆشت بە 500 هەزار غەرامە کرا