بۆ لێکۆڵینەوە تەرمەکەی لە داد پزیشکییە

یەکێک لە هاوکارەکانی فاروق رەفیق؛ لاوازی پێوە دیار بوو

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

تەرمی فاروق ڕەفیق، توێژەرو لێکۆڵەری بواری فەلسەفە، کە ئەمڕۆ 28.4.2026 دوای تەمەنێکی دووروودرێژ خزمەتکردن بە بواری هزر و فەلسەفە کۆچی دوایی کرد، بردراوەتە داد پزیشکی هەولێر.

هاوکارەکانی لە جۆرناڵی ئاوازە دەڵێن، هۆکاری گیان لەدەستدانی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، ئەمڕۆ لە دامەزراوەکەیان پۆدکاستی هەبووە بەڵام نەچووەتە دەوام و وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنی نەداوەتەوە، ناچار چوونەتە شوقەکەی و دەبینن کۆچی دوایی کردووە.

ئەم نووسەرەی کورد خاوەنی چەندین بەرهەمی بەپێزو پڕ ناوەڕۆک دەربارەی کێشە و ئاریشەکانی کۆمەڵگەی کوردییە، دواترین بەرهەمی کە مانگێک دەبێت چاپ و بڵاوبووەتەوە بە ناونیشانی “تێڕامانەکانی خەڕەنگێزێک” بەرهەمێکی قووڵی فیکرییە.

-فاروق ڕەفیق لەدایکبووی 1961 ە لە شاری سلێمانی.
-بەشێکی ژیانی لە تاراوگە و لە وڵاتی کەنەدا بەڕێکردووە، لەوێش سەرنجی ژیان و کارکردنی لەسەر فەلسەفە بووە.
– خاوەنی زیاتر لە 20 کتێبە لەبواری فەلسەفە و هزر ، بە نووسین و وەرگێڕان.
-ئەندامی دامەزرێنەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فکریی “ڕەهەند” بوو.
-سەرنووسەری ژۆرناڵی مەعریفی تیۆریی هزریی “ئاوەز” لە شاری هەولێر بوو، کە تاوەکو کاتی کۆچی دوایی ئەو، 6 ژمارەی لێ دەرچووە.
-کتێبێکی دیکەی فاروق ڕەفیق بە ناونیشانی “فەلسەفەی زانست” لە قۆناغی ئامادەکردن بۆ چاپ-دا بوو.
-هاوکات کتێبێکی دیکەی ئەو نووسەرە لەژێر ناوی “هونەری ڕاڤەکردن” لە قۆناغی نووسین و ئامادەکردن بۆ چاپدا بوو.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا