رووداوی تەقەکردنەکەی ئەمریکا
کەسێک خێرا پڕی کرد بە باڵی جێگری سەرۆکدا و بردی.. نهێنی ئەو جوڵەیە چیبوو؟
964+
ژووری هەواڵ
دەنگی تەقە چەند مەترێک لە شوێنی دانیشتی ترەمپەوە دوور بوو، دەستەی پاراستنی سەرۆکی ئەمەریکا زوو پڕیان دایە سەرۆک و بردیان، بەڵام لە ناو ئەو رووداوەدا ئەم ڤیدیۆیە زۆر نامۆو سەرنجڕاکێش بوو.
هەر لەگەڵ بیستنی دەنگی تەقەکە، پاسەوانێکی قات لەبەر، خێرا باڵ و شانی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک دەگرێت و بێ ئەوەی پرسی پێ بکات رایدەکێشێتە دەرەوەی هۆڵەکە، تەنانەت پێش ئەوەی ترەمپیش برابێتە دەرەوە.
ئەم دیمەنە زۆر پرسیاری دروستکرد، ئاخۆ بۆچی پێش سەرۆک، جێگرەکەی برایە دەرەوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە وردەکاری ئەو سیستەمەدا دەردەکەوێت کە ئەمەریکای پێ دەبرێت بەڕێوە.
دەستەی ئاسایشی سەرۆک کە پێیان دەوترێت خزمەتگوزاری نهێنی، بەرپرسن لە پاراستنی سەرۆک و جێگرەکەی، بەڵام هەر یەکێکیان تیمی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەبێ زوو فریای ئەو بەرپرسە بکەون کە ئەرکیان پاراستنیەیتی، لەم سیستەمەدا گرنگی جێگری سەرۆک هیچی کەمتر نییە لە سەرۆک، چونکە ئەوە جێگرە کە ناهێڵێت بۆشایی دەستوری دروست ببێت.
بەپێی هەمواری 25ی دەستوری ئەمەریکا، لە کاتی مردن، یان دەست لەکارکێشانەوە، یاخود لابردن، راستەوخۆ هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆک بۆ جێگرەکەی دەگوازێتەوە، ئەگەر جێگرەکەشی کوژرا یا نەما ئەوا سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێتە سەرۆک، خۆ ئەگەر ئەویش نەما ئەوا دەسەڵات بۆ سەرۆکی کاتی ئەنجومەی پیران دەگوازرێتەوە، ئەمەش دێرینترین ئەندامی حیزبی زۆرینەی ناو ئەنجومەنەکەیە، خۆ ئەگەر هیچ یەکێک لەوانە بەردەست نەمان ئەوا وەزیرەکان بەپێی لە پێشینەییەیان پۆستەکە وەردەگرن، بۆ نموونە وەزیری دەرەوە، وەزیری خەزێنە، وەزیری جەنگ.
بەڵام لە راستیدا لە مێژووی ئەمەریکا رووداوی لەو شێوەیە رووی نەداوەو دەسەڵاتەکان هەتا جێگری سەرۆک رۆیشتووەو لەوە زیاتر شۆڕ نەبووەتەوە.
بە درێژایی مێژوو 9 جار دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ئەمەریکا دراوە بە جێگرەکەی، چوار جار بەهۆی مردنی سەرۆک و چوار جاری دیکە بەهۆی تیرۆرکردنی و تاکە جارێکیش بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک، ئەوەیان ئەو جارە بوو کە ریچارد نیکسن دەستی لەکار کێشایەوەو جیراڵد فۆرد چووە جێگای.
لە هەندێ کاتی دەگمەنیشدا سەرۆک ناچار بووە بۆ ماوەی کاتی دەسەڵاتەکانی بداتە جێگرەکەی، بەتایبەتی لەو کاتانەی بە هەر هۆکارێک بێت هۆشی بەخۆوە نامێنێت.
ساڵی 1985 کاتێک رۆناڵد ریگن سەرۆکی ئەو دەمەی ئەمەریکا نەشتەرگەری بۆ دەکرێت و بێهۆشی دەکەن، دەسەڵاتەکانی دەداتە جۆرج بووشی باوک، بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر دەبێتە سەرۆک، ساڵی 2002و 2007 کاتێک جۆرج بووشی کوڕ بۆ پشکنینی کۆڵۆن بێهۆشکراوە، بۆ ماوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانی داوەتە دیک چینی جێگری سەرۆک، جارێکیش جۆ بایدن ساڵی 2021 بۆ ماوەی یەک کاتژمێرو 25 خولەک دەسەڵاتەکانی داوەتە کامالا هاریس، ئەو کاتەی بۆ پشکنین بێهۆش کراوە.
بۆ ئەوەی زیاتر لە گرنگی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا تێبگەیت، ئەم چیرۆکەش هەیە: کاتێک جۆرج بووشی کوڕ لە ویلایەتی فلۆریدا هەواڵی هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری پێدەدەن، خێرا پاسەوانێک لە کۆشکی سپی دەچێتە ژوورەکەی دیک چینی جێگری سەرۆک و پەلی دەگرێت و دەیباتە ژێرزەمینە شارەوەکەی کۆشکی سپی و لەوێوە بۆ ماوەیەک سەرۆکایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەکرد، دوای ئەوەش راستەوخۆ پلانی (COG) جێبەجێکرا کە بەمانەی پلانی بەردەوامی حکومڕانی دێت و نەهێڵدرا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک سەرۆک و جێگرەکەی و بەرپرسە باڵاکان پێکەوە کۆببنەوە، نەوەک هێرشیان بکرێتە سەرو بکوژرێن.